هاوسەرۆکی لیژنەی پەنابەرانی پارتی سۆسیال دیموکرات (SP) له
سویسرا دوێنێ لە شاری ئاراو لەگەڵ نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆبووەوە. سینەم گۆگین، کە کۆبوونەوەکەی ڕێکخستووە، ئاماژەی بەوەکردووە، پارتی دەیەوێت زیاتر لە گەل لایەنەکانی کوردستان نزیک بێتەوە و پلانی هەیە بۆ هاوکاریکردنی هەموو پارچەکانی کوردستان. ئەم دیدارەیان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ کورد و وەرگرتنی فیدباک و ئاگاداربوون لە بارودۆخی کورد لە سویسرا و کوردستان ئەنجامدا.
نوێنەران ڕایانگەیاند کە هاوکات لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ SP، پێویستە هەموو لایەنەکان لیژنەیەکی کوردستانی دابمەزرێنن و هاوکاری یەکتر بکەن و لەوێشەوە پەیوەندی لەگەڵ SPو لایەنەکانی دیکە و دەسەڵاتدارانی سویسرا سەبارەت بە پرسی کورد بکەن.
لە کۆتاییدا لەسەر سێ خاڵ ڕێککەوتن:
۱) دامەزراندنی کۆمیتەی هاوکاری کورد لەگەڵ SP
۲) هاوکاری نوێنەرانی SP بۆ گەشتەکەیان بۆ باشووری کوردستان
۳) هاوکاری بۆ ئامادەکارییەکانی پەروەردەیەکی گەورە بۆ ڕۆژهەڵات لە ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا بۆ ساڵی داهاتوو.
Comments