سۆسان حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری بوکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی ئەم شارە بە سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم چالاکە مەدەنییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی مێهری ١٤٠٣ی زایینی پێگەیشتووە.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣، خاتوو حەسەنزادە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تومان تا کۆتایی ئیجرائات، بەشێوەیەکی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکردندا، چاوپێکەوتنی پارێزەری لێنەکرایەوە.
ئەم مامۆستای زمانی کوردی دوای پرۆسەی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە.
خاتوو حەسەنزادە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی گوڵانی ١٤٠٣ بەبێ فەرمانی دادگا و پەنابردنە بەر توندوتیژی لە یەکێک لە شەقامەکانی بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە ئەزموونی ١٧ ساڵەی فێرکردنی زمانی کوردی لە شاری بوکان و گوندەکانی دەوروبەری هەیە و لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییەکانیەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
![](https://static.wixstatic.com/media/403fa4_f482ec30948543c1b5f7584a9d9e2bac~mv2.jpg/v1/fill/w_523,h_814,al_c,q_85,enc_auto/403fa4_f482ec30948543c1b5f7584a9d9e2bac~mv2.jpg)
Comments