سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە مانگێک بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی سینەماکار و دەرهێنەری خەڵکی بانە تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو و شوێنی بوونی نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سینەماکارە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەنیا یەک پەیوەندی کورتی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و نازانرێت لە کام دەستبەسەرگەی ئەمنیدا ڕاگیراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: بەڕێز عەلایی ڕێگری لێ کراوە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی شەهریڤەر ١٤٠٣، ڕەزا عەلایی بە بێ فەرمانی دادگا لە بەردەم ماڵێکی تایبەت لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
ڕەزا عەلایی خاوەنی چەندین کورتە فیلم و درێژە، لەوانە دەرهێنەری فیلمی "زەوی پیس"، کە سەرکەوتووانە بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کان کردووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکە و تۆمەتەکانی ئەم بەڕێوەبەرە بەدەست نەهێنراوە.
コメント