بەڕێزە یادی هاوڕێ نەسرین محەممەدی تێکۆشەر و چالاکی سیاسی
هاوڕێ نەسرین محەممەدی تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە و چالاکێکی سیاسیی لە مێژینە و خوشکی هاوڕێی گیانبەختکردوو مەسعوود محەممەدی و پووری هاوڕێی گیانبەختکردوو جەمیلە غەففاری و خوشکی هاوڕێ پڕشنگی محەممەدی، ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، که ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا لە وڵاتی فینلاند ماڵاوایی لە ژیان کرد، له فینلاند به بەشداریی کۆڕی بنەماڵە و دۆستانیدا ئەسپەردە کرا.
هاوڕێ نەسرین کەسایەتییەکی خۆشناو و چالاکێکی هەڵسووڕاوی شاری سنە بوو و بە درێژایی تەمەنی وێڕای خانەوادەکەی کە تێکەڵ بە چالاکیی سیاسیی بوون و پەیوەندیی بتەویان لەگەڵ کۆمەڵە هەبوو، لە هیچ هەوڵێک بۆ یارمەتی دانی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و ڕەوتی کۆمەڵە و بۆ گەیشتن بە سەربەستی و ئازادی و عەداڵەت و یەکسانی درێغی نەکرد و یارمەتیدەر و هاوکار و هەڵسووڕاوی بەرچاوی هەموو ئەو مەیدانانە بوو کە دەتوانی تێیاندا یارمەتیدەری ڕێبازی کۆمەڵە بێت. چالاکییەکانی هاوڕێ نەسرین لە یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سەردەمی تازەلاویدا دەستی پێکرد و هەتا ساڵانی دوایی و لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا هاوڕێ نەسرین بەشدار و هەڵسووراوێکی دیاری شۆڕش بوو و بە یارمەتیدانی برینداران و گەیاندنی دەوا و دەرمان بەو کەسانەی پیویستیان بوو، کۆکردنەوەی یارمەتی و پشتیوانی لە خانەوادەی گیانبەختکردووانی شۆڕش، دەورێکی بەرچاوی گێڕا. چالاکییەکانی هاوڕێ نەسرین نەک هەر لە شاری سنە بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی دەورووبەری سنەش بەرچاو بوو و هەروەها بە ناردنی وێنە و ڕاپۆرت لە ڕێگای هاوڕێ پرشنگەوە ڕێگەیەکی باشی پەیوەندی و گەیاندنی زانیارییەکان بە کۆمەڵە بوو.
ماڵئاوایی له ژیانی هاوڕێ نەسرین خەسارێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە وەکوو هەموو ئەو ئازیزانەی لە بەربەیانی شادی ئازادیدا جێگەیان بەتاڵە، یادیان بەرز ڕادەگرێ. لێرەوە جارێکیتر هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی هاوڕێ نەسرین بەتایبەتیدایکی خەدیجە خانمی عەزیمی، منداڵەکانی تینا و نەسیم ڕەحیمی، هاوڕێ پرشنگی محەممەدی و منداڵەکانی سەیوان، سروە و نینا خەلیلی و هاوڕێیان و کەس و کاریان و خەڵکی شاری سنە دەردەبڕین.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی ڕەزبەری ۱٤۰۳
٠٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤
Comments